چاکی و خراپی خۆ بە دەست خوایە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  781 بینین
چاکی و خراپی خۆ بە دەست خوایە
بەڵام سووچێکی بەندەیشی تیایە
چۆن ئەبێ بڵێین: خوا خۆی دایناوە
کەچی جەزایشی لەسەر داناوە
ئافەریدەگار کە خۆی حاکمە
چۆن ڕێ ئەکەوێ بڵێن زاڵمە؟!
خوا خۆی فەرموویە سروشتی خوایی
بۆ بەندەیییە نەک بۆ کوێخایی
«وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنس»ە
بۆ پەرەستشە نەک بۆ هەوەسە
ئێمە بە تەفرەی شەیتانی لەعین
خۆمان بەد ئەکەین لائەدەین لە دین
ئەوسایە هۆشمان دێتەوە سەرمان
مەڕنەمووکە گورز ئەدا لە سەرمان
سا چی بکەم ئەوا ناوێرم بیڵێم
زۆر نەشارەزا ڕائەپەڕن لێم
ئەگینە ئەمکووت: باوکمان ئاوی ڕشت
سروشتیش بە ئیرس هات و پێی لێ خست
هەر ئەو ئیرسەیە باییمان ئەکا
ئیستیغنا ئینسان لە ڕێ دەر ئەکا
شوان کە سابرێنێ ئەلەوەڕێنێ
لەگەڵ تێری خوارد قۆچ ئەوەشێنێ