ماران گاز ئەگەر جارێ بڕەخسێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  883 بینین
ماران گاز ئەگەر جارێ بڕەخسێ
لە خشەی مار و مێروو ئەترسێ
پیاوی واش هەیە هێندە لاسارە
ناسرەوێ مەگەر لە پای سێدارە
وە نەبێ کە مرد لە کۆڵ بێتەوە
ئێلی لە گەڵ خۆی ئەبڕێتەوە
یەکێ دێ ڕەنگی باغێ ئەڕێژێ
درەختی هیوا بە ئەرک ئەنێژێ
خزمەتی ئەکا هەتا بەر ئەگرێ
لاپلەرەسەنگێ لە پڕ ئەیبڕێ
کە دنیا بووە گاڵتەی منداڵان
ماڵی باوانمان ئەڕوا بە تاڵان
گەورە و بچووکی خوا خۆی دایناوە
ئێستا وا پارتی و تەحەڕڕوڕ باوە
قیبلەی قەدیممان لە دەست دەردێنن
دەرسی شیووعی و ڕووسی ئەخوێنن
ئەگەر ئایینی ئیسلامی بگرین
ئەبێ فەلەستین هەموو بۆی بگرین
ئەوەی کە پشتی «سەهیۆنی» ئەگرێ
ئەبێ لە خوامان بوێ کە بمرێ
خوا کە عێراقی بە ئێمە داوە
چیمانە لە سەر پاسی جرتاوە