گایەک کە کەوتە پەڵە بێستانێک

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  577 بینین
گایەک کە کەوتە پەڵە بێستانێک
ئەبێ بە جەزا تێکڕا بۆ ڕانێک
بەڵام بە چاوی ئینساف بڕوانی
خەتای ئەم ئیشە لە شوان ئەزانی
شوان کە ڕانی خۆی پێ داگیر نەکرێ
یەکێکی باشی لە جێ دائەنرێ
خوا بنیادەمی کە سروشت داوە
گەورە و بچووکیی ئەوسا داناوە
لە ئادەمەوە بە پێغەمبەری
یەکێکی ناردوە لە شوێن ڕابەری
لەگەڵ ئەوەشدا ئەخلاقی بەشەر
هەر لە ئەزەلدا مائیلە بە شەڕ
چەند پێغەمبەری خۆیان کوشتوە
چەند پادشایان لە ناو بردووە
هەر گا ترسێکی حوکوومەت لاچێ
وەک سمێڵ ئەویان ئەو هەڵدەپاچێ
هەر ئیجادێکی لە عیلم و فەندا
کە ئەیهێننە مەیدانی دنیا
هەر بۆ ئەوەیە یەکتر بکوژرێ
ئیتر حوڕییەت چی پێ ئەبێژرێ؟!
ئەو ڕێی شەرعییە کە خوا دایناوە
لێمان لاداوە، حوڕڕییەت باوە