هەر چی کە زانیت ڕووبازاڕییە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  818 بینین
هەر چی کە زانیت ڕووبازاڕییە
مەیکڕە ڕەنگی تەفرەکارییە
هەر چیش کە مەیلی بە لاسارییە
لێی مەگرە ئەوەی لە بێکارییە
بەڵام هەندێکیان لە بەدخوویییە
کە وا کردەوەی هەر دووڕوویییە
هەندێ ئەیناسن کە وا بە خوایە
بە تەفرەی شەیتان خەڵکی لە دوایە
ڕۆڵەی نازدارمان ئەخاتە ژێر پێی
ئەوان بخنکێنن بەرز بێتەوە پێی
لاوان خوێن گەرمن ئەوەن بە جۆشن
وا ئەزانن بۆ گەل تێ ئەکۆشن
خوا ئەوە بگرێ ئەم دڵ پاکانە
تووشی شەڕ ئەکا بە بێ باکانە
لە ڕێی مڕمیاوی کتک و داودا
لە بەغدا کەرگەل خۆی بە کوشت ئەدا
ئەم شەڕە لە سەر کورسی دوو کەسە
من بۆچ بکوژرێم بێهۆشی بەسە
هەر ئەوەندەیە گەییە سەر کورسی
لە دەردەدار و برسی نەپرسی
ئەمین زەکی بەگ یا عەلی کەماڵ
وا بە خۆڕایی نیشتوونەتە باڵ