تۆ کاتێ بچۆ بە گژ یەکێکا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  841 بینین
تۆ کاتێ بچۆ بە گژ یەکێکا
بتوانی تێکی شکێنی پێکا
کە دەرەقەتی زۆردارێ نایەی
بشیێتە سەر ڕێت ئەبێ لێی لادەی
جنێو فرۆشی لای مەردان عارە
شەڕە جنێوە سوحبەت لەم شارە
جەواد و قەواد بە شێوەی میسری
هەر دوو گەوادن مەعنای کە بگری
هەر چەند کە ناوی گەواد بەدناوە
لە دز چاکترە بۆیە وا باوە
دز ماڵت ئەبا و دڵت یێشینێ
ئەو خزمەت دەکا و دوو دڵ پێک دێنێ
ئایینی ئیسلام وا قاڵ کراوە
دەستووری وامان بۆ دانراوە
ئەگەر بێ و لەسەر ئەو ڕێیە بڕۆین
هێند سەر ئەکەوین نەزانین لە کوێین
خۆ ئەگەر بێتوو سەردەرهەوا بین
تا ئەماننێژن ئەشێ هەروا بین
هێند دەرناکەوین ئەوا لەم پەڕین
بۆچ بە بلوێری خەڵکی هەڵپەڕین
هەڵپەڕکێکەیشمان دووبەرەکییە
خووی کۆنمان شەڕی ناو گەڕەکییە