دڵ مەڕەنجێنە تووشی قین ئەبی
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
900 بینین
دڵ مەڕەنجێنە تووشی قین ئەبی
بە دڵ ئازاری نائەمین ئەبی
لێکی بەرەوە کە وا کەسێ هات
جنێوی پێدای چەند گرانە لات
دیارە ئەو کەسەیش دڵی ئێشێنی
ئیتر دۆستیی تێدا نابینی
کە خۆت بە ئێشی دەرزی ئەناڵی
سووژن بە خەڵکا بکەی منداڵی
بە چاکە دڵی عاڵەم ڕائەگری
بۆچ خەراپ بی و خەڵک لە دەستت بگری
هەر ئیشێ ئەکەی دوایی بڕوانە
پیاوی بێ غایە هەر سەرگەردانە
ئەگەر تۆ هەوڵت تەنها بۆ خۆت بێ
لە ناو میللەتدا ئەبێ چۆن ڕووت بێ
کە لەگەڵ ئاوەڵ بکەویە کایە
هەرچی دەست کەوێ بەشی تۆی تیایە
ئەوسا ڕابوێرە بە دڵنیایی
لەگەڵ ئاوایی نەک بە تەنیایی
لە ناو یارانا ساتێ ڕابوێری
پووڵێ نایەنێ پایەی وەزیری
وەزیری ئێستا خەوێکی کەمە
کە لە خەو هەستا تەمە و ماتەمە