ڕۆژی درێژی بەهار هاتەوە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
775 بینین
ڕۆژی درێژی بەهار هاتەوە
وا ڕۆژی ئێمەیش هات بە هاتەوە
شەوی تاریکی زستان بەسەرچوو
بەرخی هیوامان لە دەست گورگ بەربوو
گورگە شینەکە وای ڕاوەشاندین
بەندی بەندەیی بەختی پساندین
بە کەیفی خۆمان لە کوردستان دا
ئەگەڕێین بە ناو گوڵی نیسان دا
بەڵام ئاگامان لێ بێ کە زووە
تازە وا درەخت گۆپکەی کردووە
دەست بە سەرچڵی مەبەن بۆ سەرچڵ
کە گۆپکەی وەری داخ ئەبەنە دڵ
دانیشن لەناو گوڵدا بە خۆشی
بە پیرۆزانە و بە بادەنۆشی
لاوکی کوردی بڵێن بە قەتار
دەنگ بداتەوە لە دەشت و کۆهسار
بەڵام هەر دەنگ خۆش کەم بڵێ نەک زۆر
گەڕەلاوژە ئەبێ بە گابۆڕ
ئەگەر هەر سەرێ کەوتە سەدایێ
خۆمان لێ ئەکا بە شا گەدایێ
ئەو سایە هیچ کەس هیچ کەس ناناسێ
خۆ هەڵدەکێشن پڕ بە کراسێ