کاتێ کە وتیان بێستان بەرەڵدا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  800 بینین
کاتێ کە وتیان بێستان بەرەڵدا
کوڕوکاڵ تێکڕا ئەیکەن بە هەڵدا
ئەگەر زرکێکی کاڵ بدۆزنەوە
پەلامار ئەدەن زوو ئەیقۆزنەوە
بێستان ڕن گوردی خۆی لێ گرتووە
لە پێشدا بەشی خۆی لێ بردووە
ئێستا پاشەرۆک گێچەڵ ئەگێڕێ
تێر بۆ برسی تێر سڵاو ئەنێرێ
کە بێستانەوان ئەمە تێ بگا
نامێنێ تاکوو بێستان پێ بگا
بە ناهۆمێدی لە کوڵیو و کاڵ
هەرچی بۆ ڕێکەوت ئەیکاتە جەواڵ
پێچکەی دەرگاکەی حەوشم سواوە
لە گرێژەنەی خۆی ترازاوە
هەرچی ئاژەڵێ کە لە ماڵا بوون
کردیانە قاڕە بە جارێ دەرچوون
بە گدی گدی ناگەڕێنەوە
خەریکن لە چەم ئەپەڕێنەوە
ناڵێن پاشەڕۆژ کە سەرما بزووت
هەڵامەت ئەگرین وا بە سەری ڕووت
نازانین بەیتی گورگ و مەڕ چییە
دووگی خۆم خۆش بێ خانووم بۆ چییە