هەتاو بێ و باران ئەوە گورگ ئەزێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
911 بینین
هەتاو بێ و باران ئەوە گورگ ئەزێ
بەهارە و گەرای ناوە ماسیی زێ
پشیلەش حەوت ماڵ بێچووی ئەگێڕێ
کە چاوی پشکووت گۆبەند ئەگێڕێ
دوای ئەوە ڕاوەمشکمان بۆ ئەکا
بەڵام خۆی ناگرێ لە ڕاستی سەگا
هەرچەند سەگ لە ناو ماڵا گڵاوە
زۆر جاریش وەفای لێ بینراوە
ئەم سەگ و گورگ و پشیلە و مشکە
ئەم زەردەواڵە و مار و دووپشکە
کەس نازانێ خوا بۆچی خەڵک کردوون
بڵێین هێندێکیان مێمڵی مردوون
خۆ هیچیان لەگەڵ یەکتر هەڵناکەن
زۆر پیاوی سپڵە دوژمنی چاکەن
ئەمە خوویێکە خوا بۆی داناون
بە قەستی بە گژ یەکا کراون
مەبەست ئەمەتە کە وابزانی
ئاشتی تیا نییە جیهانی فانی
کێ لە گەڵ کێ دا بە ڕاستی دۆستە
ئەم ڕاوە ڕێویە هەمووی بۆ پۆستە
لەگەڵ ئەوەیشدا ئەزانین وایە
دینمان دائەنێین بۆ ئەم دنیایە