کوفرەحمەد شەڕیە لەسەر کەر و گا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  881 بینین
کوفرەحمەد شەڕیە لەسەر کەر و گا
لە کردەوەی خوا هیچ کەس تێ ناگا
کێ بە عەقڵی خۆی نانی خواردووە؟
دانا کەی خۆشی ڕابواردووە؟
«هارون الرشید» میسری بۆ گیرا
چشتێکی سەیری هاتبوو بە بیرا
وتی: فیرعەون چۆن داوای خوایی بوو
تەنها بەم موڵکی میسرە بایی بوو
لەو قینە میسری بە «خضیب» سپارد
یەکێ بوو بۆ ناو گاگەلیان ئەنارد
ساڵێ بەر «نیل»یان کرد بو بە پەموو
نیل گەڕایەوە خەسار بوو هەموو
هاواریان بۆ برد دەستەی زەرەرمەند
وتی: خوریتان بۆچی لێ نەچەند؟
ئێستا هەڵکردی جیهانی دوانە
یەکێکیان خەمە، یەکێکیان نانە
هوشیار غەمبارە، بێعار پارەدار
تۆ مەروانەرە عەقڵ و ئیختیار
من بۆیە «ئەحەی جاو»م خۆش ئەوێ
کەللەی هێند ڕەقە بە هیچ نانەوێ
کە کەوتیتە ڕێ بارمان زۆر سووکە
ماڵ و دەوڵەتمان لە لا مەهتووکە