تاڵی و شیرینی لێک جوێن ئەم دوانە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  716 بینین
تاڵی و شیرینی لێک جوێن ئەم دوانە
یەکێ بۆ دەمە، یەکێ بۆ گیانە
ئەوەی بۆ دەمە بە چاو ئەیبینی
کە چێشتت دیارە تاڵی و شیرینی
بەڵام ئەوانەی کە وا نابینرێ
جوابی ناخۆشە لە دەم ئەبیسترێ
ئەسڵ ئەوەیە کە ڕۆح تاڵ ئەکا
بە ئازاری گیان پیاو بەدحاڵ ئەکا
ئەگینە ئەوەی کەوا ئەیچێژی
تفی کەیەوە تاڵ بێ ئەیڕێژی
برینی نێزە دەرمان ئەکرێ
برینی زوبان جەرگت ئەبڕێ
جوێنی بێگانە کەمتر کار ئەکا
توانجی دۆست دڵ بریندار ئەکا
کەواتە دڵی دۆست مەڕەنجێنە
زانیت تووڕە بوو وازی لێ بێنە
دۆست کە دڵسۆز بێ ئەو واز نایێنێ
دۆستت ئەوەیە کە ئەتگریێنێ
بەڵام هەموو چشت بە ئەندازەیە
دەوران دەورانە دەوری تازەیە
ئێستا هیچ کەسێ گوێ لە کەس ناکا
تەنانەت فەرزەند لە باب بێباکە