ئەمە پەندێکی باو و باپیرە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1018 بینین
ئەمە پەندێکی باو و باپیرە
کە ئەڵێن خاکی وەتەن دڵگیرە
بەڵام هەندێکی تر وتوویانە
ئەم واتەیەشم لە لا زۆر جوانە
ئەو شوێنە خۆشە کە دڵ لێی خۆشە
دڵ تەنگ بێ باخی «ئیرەم»یش بۆشە
کە وابێ خۆشیی جیهان بۆ دڵە
زەوقی ڕۆحیشت بە دڵ حاسڵە
هەندێ کەس دڵی وا بە پارەوە
ئەچڕووسێتەوە بۆی لە پارەوە
دڵی هێند پڕە لە دەردی پارە
لە یادی قەوم و قیلەی بێزارە
عەشقی نیشتمان لای ئەفسانەیە
بۆ چرای زەردی زەڕ پەروانەیە
هەندێکیش هێندە دەماخیان بەرزە
بۆ وەتەن فیدای ڕۆحیان لا فەرزە
سەرتاپای لەشیان پڕیە لە غیرەت
نەڕەشێرێکن ئازا و بە هەڵمەت
لە مەرگ ناترسن کە هاتنە سەر قین
نامرن لە دڵی میللەتدا دەژین
میللەتێک ڕۆڵەی وا بەکاری بێ
هیچ کەس ناتوانێ بەرەنگاری بێ