بەهار هەر ڕۆژە ڕەنگێ ئەنوێنێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  851 بینین
بەهار هەر ڕۆژە ڕەنگێ ئەنوێنێ
هیچ جارێ لەسەر بارێ نامێنێ
گاهێ وەک دەروێش هەور ئەهاڕێنێ
گا بەسەر هارا خۆڵ ئەبارێنێ
وتمان نیسانە و باران ئەبارێ
تنۆکی لە چاو نایێتە خوارێ
درۆی نیسانیش ئەمساڵ کار ناکا
هیچ کەس نازانێ بۆ کام لا ڕاکا
لایێ بە لافاو پیاو ئەخنکێنێ
ئێمە بێ ئاوی ئەمانخنکێنێ
برسیەتی چاکە گژ و گیا ئەخورێ
بەڵام تینوەتی چاری ناکرێ
جاران ئەچوونە نوێژە بارانە
ئێستا بێ نوێژیی گوناهبارانە
کەسیش باوەڕی بە خوا نەماوە
لە شوێنی تەوبە سین و تێ باوە
چەندێ کەوتینە سەر یاریی پۆکەر
هەرچیت ئەبینی بووبوو بە جۆکەر
ئێستا کاربەدەست کەوتوونە دامە
هیچکەس نازانێ ڕێ و شوێنی کامە
وەک داشی دامە مەئموور لێ ئەخوڕن
بە ئاز و بە گوێز هێزیان لێ ئەبڕن