خوا فریشتەی وا سروشت پێداوە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
814 بینین
خوا فریشتەی وا سروشت پێداوە
نیوەی لە ئاگر نیوەی لە ئاوە
زۆری وا هەیە کە باوەڕ ناکا
من لەمە ئەدوێم لەگەڵ پیاوچاکا
ڕۆژێ کابرای جاف کە پێی پەتی بوو
دڕکێکی لە بن پێ هەڵچەقیبوو
هاوڕێکەی گەییە فریای دەست و برد
دڕکی دەرکێشا و لە پێی دەرهاورد
پرسی ئا برا! توخوا پێم بێژە
ئەم دڕکە بەچی ئەمەندە تیژە؟
وتی: بێفەڕ تۆ شێتی و گێژووێژ
کە خوا فەرمووی تێژ گشتی بووگە تێژ
چەند خۆشە ئینسان باوەڕی وابێ
بێ ڕەنگاندنەوە خوای لە لا خوا بێ
بەڵێ خوا هەندێ پیاو درووست ئەکا
کە بە چاووڕاو «بسمارق» پەست ئەکا
خۆی وا ئەداتە قەڵەم وەک کوێخا
کە شوێنی کەوتن میللەت سەرئەخا
تا هەندێ لاوی خوێن گەرم هەڵدەستن
بۆ فیداکاری کۆمەڵ ئەبەستن
هەر ئەمەندەیە تا ئەو دێتە ناو
ئیتر کار تەواو ئێلیش بەش خوراو