ئەوانەی کە وا کاریان بە دەستە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  688 بینین
ئەوانەی کە وا کاریان بە دەستە
کە هات لە ڕەئیا بوون بە دوو دەستە
ئەگەر هەردوو لا بۆ گەل خێرخوا بن
هیواداری ڕاست بە خێری خوا بن
بە حوسنی نییەت کار ئەبەنە سەر
درەختی ئەمەل بۆیان دێتە بەر
فەرموودەی نەبی بۆمان حوججەتە
کە ئیختیلافی ئۆممەت ڕەحمەتە
بەڵام غەرەزی شەخسی کەوتە ناو
ڕەحمەت زەحمەتە دراومان دۆڕاو
من لاوی وام دی کە شەشی ئەیلوول
بەر دەرکی سەرای کرد بە گەردەلوول
مەتەرالیۆزی بە خەنجەر شکاند
ئازایییەکی شێرانەی نواند
ئەو کەسەی خۆیان بۆ دا بە مردن
ئەو بە دەستی خۆی کەلەبچەی کردن
شینم بە شیعری ئەکرد ئەوسایە
ئێستەش گریانم وا لە قورگایە
کورد نابڕێتەوە خەیاڵی خاوە
بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە
من بۆیە ڕەنگی سوورم خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقی لێ دەردەکەوێ