بێدەنگە ئەوی کە کاربەدەستە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  856 بینین
بێدەنگە ئەوی کە کاربەدەستە
هەرچی کە لێکەوت وەتەن پەرەستە
پەتایەک هەیە شەمەکەی ناوە
کە جار بە جارێ کەوتە ئەم ناوە
هەرچی ئەبینی پژم و هووڕییە
دووزەلەی لووتی تووڕە تووڕییە
ئێستا... ئەو پەتایەیە
دەماغ گەرمی ئەو نیمچە تایەیە
ماڵوێرانیەکەی هەر بە کورد بڕا
بە دڵپاکی خۆی پێی چوو بە قوڕا
بە چاوی خۆمان دیمان تەفرە بوو
بە ئاشکرا دای بە گورگان خواردوو
ئێستا نە بامان دیوە نە باران
ئەو سەودایەیە و کۆمەڵی یاران
هەندێ لە بەدیی خۆیان دەر ئەکرێن
ئەبنە ئاگر و لە کۆز هەڵ ئەگڕێن
دەربەستی کەس و کار نین لەبەر قین
ئەڵێن بسووتێ و ئێمەشی تیا بین
کە کەوتیشەوە سەر ئیش بێدەنگە
چۆن سەرئەکەوێ قەومێک بەم ڕەنگە
بۆ نییابەتیش زۆر کەس لە پێشا
ئەهاتە مەیدان خۆی هەڵ ئەکێشا