جاران خوا قینی ئەگرت لە شارێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1938 بینین
جاران خوا قینی ئەگرت لە شارێ
بە ناخی زەویا ئەیبردنە خوارێ
یاخۆ قەومێکی بەوە ئەترساند
لە ئاسمانەوە بەردی ئەباراند
کە پێغەمبەری ئێمە پەیدا بوو
لەبەر خاتری ئەو ئەمانە لاچوو
ئێستا لە ڕێگای دین لامان داوە
خوا و پێغەمبەرمان هێند لێ ڕەنجاوە
وا وردە وردە ئەمان ترسێنێ
لە شوێن بەرد جارێ خۆڵ ئەبارێنێ
ئەم خۆڵ بارانە لە جێی ئینزارە
هەروا بین نۆرەی بەردە ئەمجارە
هەرچی ئەبینی کەوتوەتە گزی
جۆی گیانلەبەریان وەک کووتاڵ دزی
ئەمە کردەوەی خۆیان هاتە ڕێ
ئەگینە ئێرە و فەلەستین لە کوێ
سوپاسی ئێمە با بەجێ بێنن
وا لێرە تۆڵەی ئەوان ئەسێنن
خۆزگە بایعی کوتاڵ و قوماش
بە جووت ئەکەوتنە ناو دۆزەخی ئاش
دەستەملان ئەبوون بە جووت وەک یۆڵداش
ئەترنجانە بەینی دوو بەرداش