وڵاخی نەگریس کە وا بار نابا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  716 بینین
وڵاخی نەگریس کە وا بار نابا
هەر بارنەبەرە بشچێتە کابە
زۆر کەر لە پیاوی کەر وریاترە
بە وۆش ئەوەستێ گوِێڕایێڵترە
گوێ ڕادێر لە لای خێوی نازدارە
بارنەبەر بەشی نەقیزە و دارە
بەنی ئادەمیش دیسان هەر وایە
پیاوی بەکار و بەدکاریان تیایە
بەڵام ئینسان و حەیوان وەک یەک نین
زۆری وا هەیە کە بە شانس ئەژین
بەربوونە عالەم بە گاز و لەقە
هەژار بێزارە و جێگای پێ لەقە
کەچی ئەبینی ئەوان لەپێشن
تێکڕا ئەم خەڵقە باریان ئەکێشن
من ئەڵێم هەوای ئەم شارە وایە
قەدری زۆرداریان زۆرتر لە لایە
هەرچی بۆی هەڵکەوت خۆی لە خۆی گۆڕی
بێ دەسەڵاتی، وا حەڵاڵ خۆری
گورگانە شەوێ لایلایەمانە
پیاوخۆرەکەش وا لەبەر دەرگانە
لە منداڵیەوە بەچە ترسێنین
بۆ شوێن گورگ کەوتن پەت ئەپسێنین