بچیە سەر لقێ و لە بن دا بیبڕی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  864 بینین
بچیە سەر لقێ و لە بن دا بیبڕی
دیارە مل شکان بۆخۆت ئەکڕی
دێیتەوە دیمان کە لەو سەرەوە
وەک ڕێبوار، زرکی کاڵ مەکەرەوە
کە تۆ ئەتەوێ لەگەڵمان بژیت
نابێ ناڕەوا پیاومان بکوژیت
بۆ مەعاش حەقی میللەت ئەفرۆشی
لێکەوتی لامان ناژیت بەخۆشی
باوکت لە بەهەشت دەرچوو بۆ گەنم
تۆ شلە ئەخۆی ئەچیە جەهەنم
کە گەل بۆ ئیشی خۆی تۆی هەڵبژارد
تۆزاوی مەبە بۆ تۆزکاڵێ ئارد
چونکو چاو بە چاو ئەکەوێتەوە
ناوی بەدناویت لێ نابێتەوە
کە دێینە مەیدان خۆ هەڵدەکێشین
لە هەموو قەومێ زیاتر بە کێشین
کەچی بە هیچە هەموو مل کەچین
بۆ سواخی قەسری ئاغا وەک گەچین
جاران «بایع» بوو «عەیب» قەلبی «بیع» بوو
ئێستا حەفسەمان لە فەحس دەرچوو
ئەمانە هەمووی بۆ وەزنی شیعرە
واتەی پڕوپووچ لە شاعیر مەگرە