دوو لا بە حەقی خۆیان بوون ڕازی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  631 بینین
دوو لا بە حەقی خۆیان بوون ڕازی
ئیش ناکەوێتە لای حاکم و قازی
ئەوسا مەواشیر ئاش بەتاڵ ئەکا
یا خەرمان لۆغەی هەرزن و گاڵ ئەکا
مەگەر ئیعلامی ژن هێنان دەرکەن
کڵاوی سووری سپی لەسەر کەن
خۆزگە ئەو پیاوەی ژن و ماڵدارە
نەدەبوو کە ژن بێنێ دووبارە
ئەم دووبەرەکیە لە دوو بەرەیە
باوەژن ئاگری شەڕ خۆشکەرەیە
دوو برا ئەگەر لە دایکێ نەبن
ڕەگی یەکتری دەردێنن لە بن
با بیشڵێین دایک دایکی خۆمانە
ئێستا سیاسەت باوەژنمانە
باوەژنێکی جادوومان هەیە
هیچ کەس تێ ناگا کە چەند بەوەیە
باوکمان لێ بووە بە باوە پیارە
دادمانە لە دەست کوێخای بێکارە
کاتێکمان زانی خەمشەمان بڕا
شەڕەدندووکە لە «کۆڵانەشڕا»
«کەیفی» شاعیرمان ئەمەندە حوڕە
تێڕمان لە جاوی گازری پڕە