پیاومان لە زۆر شوێن مەردی ئەنوێنێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
878 بینین
پیاومان لە زۆر شوێن مەردی ئەنوێنێ
بەدخوا خەریکە وا ئەو ئەنوێنێ
بە «بێهۆش داروو» تریاک ئەبێژن
خۆڵی مردوومان بەسەر ئەبێژن
بۆ «مانیاتیزمە» هیچکەس نەماوە
ئەماننوێنن هەروا بێ ماوە
کاری خۆماڵی بێگانەی ناوێ
ئەم ناوە پیاون بە هەموو ناوێ
لەلاوە بێیتە ئەم ئاوەدانیە
وا دەگەیەنێ پیاوی تیا نیە
هەر ژن ئەخوازن بۆ پیاو لەو لایە
پیاوت خواست ئەڵێن بۆ «کەڵەگا»یە؟
ئەوانەی بۆ ماڵ مل کەچن دەمرن
دەک ملیان شکێ بێ «ئونور» ئەمرن
ئەتوانم حەقی خۆم بدەم بە تۆ
حەقی گەل نادەم بە مەشکەیێ دۆ
ئەگەر دەست بەری بۆ دۆی ئێلەکەم
بەم پیریە مەشکەژەنێت پێ ئەکەم
خۆ «ژین» بە بەدناو ئەتدا بە تاریخ
ئەیخاتە پێش چاو ڕیخۆڵەت تا ڕیخ
ئەوەش ئەزانم ئێلەکەم مەردە
هیچ باکی نییە لە بگرەوبەردە