جاران تەناف باز لە ئێران ئەهات

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  659 بینین
جاران تەناف باز لە ئێران ئەهات
بە سەر تەنافا ئەکەوتە تەرات
لە ژێردا پیاوێ بوو کوڵەبنە
ئەو ئەیگوت: هونەر هونەری منە
ناویان لێ نابوو «فس فس پاڵەوان»
پەکی نەدەکەوت بە دەم و زوبان
فس فس پاڵەوان تەنیا یەکێ بوو
ئێستا لە شوێن ئەو سێ و چوارێ دەرچوو
بە فەند و فێڵێ فەننی وا فێرن
بە شوێنی بەرزا «جۆ» هەڵدەگێڕن
زەمانی عیسا و پێغەمبەری جوو
درۆیان ئەکرد ڕوویان ڕەش ئەبوو
ئەم زەمانە ڕاست ڕووی پیاو ڕەش ئەکا
پیاوەتی پیاوی پیاو بێ بەش دەکا
بەدکردەوەیی ئەوەندە باوە
خۆمیشی تیابم ڕاستگۆ نەماوە
زۆریشمان ماوە بۆ دەوری مەهدی
ئاواتی پیاوی ڕاستگۆ بێتە دی
کە «محەممەد» هیچ بەمانە نەکا
مەهدی ئەمانە چۆن ئیسلاح ئەکا؟!
خواستی خوایە ئەم دەور و دووکانە
ئەفراسیاو خراپ کاوس بەهانە