ئەیلوول هات گوڵزار ئای لوول و مەلوول
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
943 بینین
ئەیلوول هات گوڵزار ئای لوول و مەلوول
گەڵاڕێزانە و تۆز و گەردەلوول
داخم ئەو داخە درەختی بێ بەر
گەڵای ناوەرێ و وا ئەیباتە سەر
ئەوانەی کەوا بەرمان بۆ ئەگرن
زستانیان لێ هات لە سەرما ئەمرن
ئای وەیشوومەی شووم چەندە بێباکی
گیا و گوڵ ئەمرێنێ و پێی فەرەحناکی
لایێک فەرتەنەی هەوایی هەوا
لایێ سەرزەمین وا پیاو پیاو ئەخوا
جاران هەر زەنگی باربار پیاوخۆر بوو
ئێستا مەدەنیش فێر بوون، وا زۆر بوو
ئەوان زۆردارن با بڵێین گەڕ ئەکەن
بۆ موستەعمەرەی زۆرتر شەڕ ئەکەن
ئەی ئێمە بۆچی وا تێک هەڵەچین
بە بێ شیر، وەک شێر لەپڕ هەڵەچین
لەباتی ئەوەی دەستی یەک بگرین
لە بارەگای خوا تێر بۆ یەک بگرین
جامیعەیێک بین تێکڕا عێراقی
قەومێکی ڕاقی نەوەک فیراقی
بەڵکو پێکەوە بە خۆشی بژین
بە دووبەرەکی بۆچ بکەوینە قین؟!