ئەم بنیادەمە هێند دەم دەمیە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1160 بینین
ئەم بنیادەمە هێند دەم دەمیە
ئاوی زیندەگی لە ناو دەمییە
کاتێ کە کەوتە سەر کورسی مەسنەد
ئەڵێ وا چەسپیم هەتاکوو ئەبەد
خۆی بە ڕەنگێکی وا، لێ ئەگۆڕێ
لای وایە هەرگیز ناچێتە گۆڕێ
بەو هەوایەوە تا لەو بانەیە
دەبەنگی بەنگی بانووی بانەیە
گونای کەس نییە لای خودا خواستە
«إِنَّ اْلإِنْسانَ لَیَطْغَی» ڕاستە
ئاگای لە چەرخی کەچ ڕەفتار نییە
نازانێ دنیا پایەدار نییە
لە پڕ ئەبینێ لە پێنجوێنەوە
بومەلەرزەیێ هات بە قینەوە
بانیژەی خولیای ڕووخاند بە جارێ
لەو بانە بەرزە زرم کەوتە خوارێ
شیری حوشتری ساڵحی ڕژا
پڕیشکی میزی میزی لێ پژا
هەزار جار واتەی وا بێژراوە
دەردی خەڕۆیی وا چێژراوە
نیسیانی ئینسان ئەمەندە زاڵە
لە ڕاستی تەماع زۆر کەس منداڵە