جەژنێکمان ڕۆیی جەژنێکمان ماوە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
880 بینین
جەژنێکمان ڕۆیی جەژنێکمان ماوە
هەر لای خوا ماوە ماوەی بێ ماوە
هی وامان هەیە هیوای بە خوایە
«مَن یَتَوَکَّلْ، حَسْبِی» لە دوایە
ئەرکی گران و گەرمای ڕەمەزان
ئەمانخاتە ناو فێنکی ناو جەژنان
چەند خۆشە لە پاش تاڵی شیرینی
لە شوێن ترسی شەڕ موژدەی ئەمینی
دەوڵەت پارێزی تا لە بەینا بێ
باوەڕم کردووە ئیتر شەڕ نابێ
لە ڕووی زەمین دا موالید سیانە
دەوڵەتیش سیانە هەر سێ سێیانە
ئەوی بیەوێ سەری نەیێشێ
بەشێ هەڵگرێ و دوانی ببەخشێ
پارووی زل گەرووی تەنگ ئەدڕێنێ
زۆریشی لێ بکەی پیاو ئەخنکێنێ
تەماع کەمیش بێ زیانی زۆرە
دەستووری ئاشە باراش بە نۆرە
لە ژوور ئێمەوە باراشیان لێ کرد
ئاشیان ئەگەڕێ لەسەرخۆ ورد ورد
ئەو هیوایەمان خوا لێ نەسێنێ
بۆنی خەپلەیان ئێمەیش ئەژیێنێ