زانایان ئەڵێن کە ئەم جیهانە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1048 بینین
زانایان ئەڵێن کە ئەم جیهانە
شوێنی یەک کوشتنی زیندەوەرانە
هەروا بڕوانە هەرچی گیاندارە
بەسەر خوار خۆیا زاڵە و زۆردارە
پشیلە بۆ مشک تانجی بۆ کەروێشک
گورگ بۆ بزن و مەڕ، بۆ کەری بێ مێشک
جگە لە مانەیش لەناو خۆیانا
سەگ و بەران و بارگیر شەڕیانە
بەڵام هیچ کامیان وەک ئادەمیزاد
خەرمانی گیانی یەک نادەن بە باد
جاران بە شیر و تیر کەم ئەکوژرا
ئێستا بە بۆمبا لەش کەوتە سەحرا
بە گوناهی خۆی ئادەم دەرکرا
میراتی شەڕی بە ئێمە بڕا
لایێک خوا فەرمووی «وَلَا تَزِرُ»
لایێکیش «بَعْضُ لِبَعْضٍ عَدُو»
هەموو تیرەیەک بوونە برای یەک
لە ناو ئێمەدا ماوە شەڕەسەگ
دەستی سیاسەت تێکمان بەرئەدا
وەک یەک ئەماندا بە کەللەی یەکدا
خوایە کۆنەکان ئەگەر بکوژی
ئەوسا ئەتوانم بڵێم کورد ئەژی