سێ کوچکەی کوانووی دەوڵەت و نەرمی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  550 بینین
سێ کوچکەی کوانووی دەوڵەت و نەرمی
ئەشێ یەکسان بێ بۆ بەرز و نزمی
کە پێچکەیێکی کورت بێ ئەمووستێ
مەنجەڵ لە سەری ڕاست ڕاناوەستێ
بە هەر لایێک دا چەوت بێ ئەڕژێ
چێشتەکەی بە سەر زەویا ئەپرژێ
دامەزراندنی دەوڵەتیش وایە
تێکڕا موساوات ئەیخاتە کایە
ئەمەوێ بڵێم نابێ کورد کورت بێ
ئەبێ بۆ خزمەت پێشکەوتوو و گورد بێ
ئەبێ پێک ببڕێن نەوەک لێک ببڕێن
چونکو بۆ غایەی ژین لەسەر یەک ڕێن
ئەگەر بێ و پاشقول لە یەکتر بنێین
لە ڕێگەی ڕاستا هەردوو هەڵئەنگوێین
چەند خۆشە دوو دەست بەهێز تێکۆشێ
گوزەرانی خۆی بە زۆر ڕاکێشێ
لە نەبوونییە ئەم گڕوگاڵە
ئەڵێن تەبەقی پڕ ئاشتی ماڵە
ئەوی هەیەتی بەرچاوی تێرە
لە ئازاییدا نموونەی شێرە
لاوی بە دراو وەک «بابە عەلی»
ئیشی وا ئەکا پێی ئەڵێن: وەلی