ئەیانگوت جاران بۆ ماران گەستوو

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  592 بینین
ئەیانگوت جاران بۆ ماران گەستوو
تریاک لە عێراق بۆ شاران ئەچوو
ئێستا ئەمەندەی مار تێ خزاوە
تریاکی ماران تۆوی بڕاوە
بەڵام تریاکی کێشان بێ کێشان
کە بە دوکەڵی زۆر کەڵی پیشان
زۆر کەس سەرمەستی بەنگە دەبەنگە
فەقیر و هەژار تیاچوو بەم ڕەنگە
بەڵام بۆ ئێمە دەور گۆڕاوە
ناوی سووکیمان لەسەر نەماوە
خۆرمایێکمان بوو وشکی مشک مژە
کە پێیان ئەگوت: خورمای کوردکوژە
ئێستا کوردکوژە بووە بە زوهدی
برایەتیەکمان بۆ هاتۆتە دی
بەڵام کورد هێندە خورمای خوش ئەوێ
لە هەر شوێنێ بێ شوێنی ئەکەوێ
تەرسی کەرەکەی جەجاڵ خورمایە
بۆیە ئەمەندە کوردی لە دوایە
گەزۆ بە قەومی مووسا دراوە
ئێستا لەم خاکە بۆ ئێمە ماوە
گەزۆ و دۆشاو و خورمامان هەیە
ناڵەی دەم تاڵی ئیتر تا کەیە