بیستوومە ڕاستە شەخسێکی گەورە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
768 بینین
بیستوومە ڕاستە شەخسێکی گەورە
کە یەکە پیاوە ئەمڕۆ لەم دەورە
بە تایەبەتی چەپەوانەیە
بۆ کونی بەرتیل تۆپەوانەیە
بە چەپ ئەنووسێ و مەرج ئەباتەوە
خەریکە چەرخی چەپ ڕاست کاتەوە
دەستی چەپ هێزی لە ڕاست زۆرترە
چشتێکی تری لا پێویستترە
ئەڵێن کاتێ مار چووە کونەوە
کە کلکی دیار بوو ئەیدۆزنەوە
کە بە دەستی چەپ کلکی ڕاکێشی
لە دووی دەستت دێ بە نەرمی و خۆشی
خۆ بە دەستی ڕاست تەکانت دایە
کلکی ئەپچڕێ و سەلکی دەرنایە
ماری وای تیایە پارتی ئەم دەورە
بێ ئیجازەیە بە پێچ و دەورە
بە ڕاست و بە چەپ کلکی ناگیرێ
بە هێزی کلکی ئێسک تێی ناگیرێ
وا کوڕە شێخێک کەوتە ئەو ناوە
باوکی لە مار و هار نەترساوە
هیوامان بەوە غیرەت بکێشێ
کەڵکی گەل بگرێ و زەرگێک ڕاکێشێ