یاران هاوارە دز ئەمفرۆشێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  778 بینین
یاران هاوارە دز ئەمفرۆشێ
خۆم ئەڵێم نێرم ئەو هەر ئەمدۆشێ
کەوتووینە دەورێ دزیی هێند باوە
کەسێ پێی بڵێی ڕاستە، نەماوە
مێوێکم هەیە ترێی پاییزە
کە خۆم ناشتوومە و لە لام ئازیزە
هەرچی ئاوبەرە سەری تێ دەکا
بە بەرسیلەیی کۆشی پڕ دەکا
وا وتمان ئاوبەر بێزووی پێ دەکا
پیاوی ماڵی بۆچ پەلەی لێ دەکا؟
هەرچی دێتە لام فێری دزییە
تا سەر باوەڕی مانەوەی نییە
ئەڵێ: نامێنم ئەو بێ بە ترێ
دوای من ئەوی دێت گوردی لێ ئەگرێ
بەو خەیاڵەوە ناترسێ لە خوا
ناوەستێ حەڵوای بەرسیلە بخوا
دەورێکە ئەمڕۆ هەرچی کەوتە کار
دەستە و دائیرەی ئەخاتە بازاڕ
لەگەڵ ئەو گۆڕا گشتیان بە جارێ
وەک هەرمێی کرمێ ئەکەونە خوارێ
هیوای وەزیفە لای کەس نەماوە
بۆیە پێشدەستی ئەمەندە باوە