بێتو بۆ کاری جیهان تێکۆشی
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
797 بینین
بێتو بۆ کاری جیهان تێکۆشی
ئەبێ بچیە سەر ڕێی فەرامۆشی
ئەگینە مردن وا لە پێش چاوە
ژیانی بە ترس تامی نەماوە
ئەگەر خوا نیسیان نەدا بە ئینسان
کێ تێدەکۆشێ بۆ چوار ڕۆژ ژیان
بەڵام کێ هەروا مەرگی لە بیرە
ئەم دونیای دوونە بەوە ڕاگیرە
هەیە موحتاج و پیر و نەخۆشە
بەو ڕەنگەیش هێشتا مانی لا خۆشە
هەتا لێوی گۆڕ دنیامان ئەوێ
پێغەمبەر فەرمووی کەس تیا ناسرەوێ
لەگەڵ یەکێک دا ئەمڕۆ دووبەدوون
چاوتان لە یەکە لەگەڵ یەک ئەدوون
کە لە یەک بڕان خەوە یا خەیاڵ
لە پڕ ئاشەوان ئەڵێ ئاش بە تاڵ
ئەمانە لە بیر خۆت ئەبەیتەوە
بە خەیاڵ عومرت نوێ ئەکەیتەوە
هەتا پیر ئەبی زۆرتر شێتگیری
بە دەست نەفسەوە دیل و ئەسیری
بە دەست تۆ نییە سروشتت وایە
بۆ بەقای جیهان مەبەستی خوایە