زوڵفی پەرێشان بۆ یار پەسەندە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  870 بینین
زوڵفی پەرێشان بۆ یار پەسەندە
داوی دڵانە و بۆ مل کەمەندە
پەرێشانییەکەی بەختی کوردانە
کەس ڕاناکێشێ و خۆی سەرگەردانە
موی زەنگی یەکن لە بنیاتەوە
شانەیش ناتوانێ لێکیان کاتەوە
خۆزگە وەک تووکی قولەڕەش ئەبووین
دەئاڵاینە یەک هیچ تێک نەدەچووین
شۆخ و شەنگی یار بە دەمی تەنگە
دەمی فراوان بۆ جەماڵ نەنگە
بەش و نەسیبی کورد دەمی یارە
ئەمەندە تەنگە دەم بە هاوارە
ئاسمان ملی دانەواندووە
کورد دانانەوێ بۆیە ماندووە
لێی گەڕێ توخوا با هەر سەربەرز بێ
نەنگە بۆ گیانی بە ترس و لەرز بێ
لە ڕێی میللەتدا مردن مەردییە
مردن مردنە لینگەفڕێ چییە
ئازادە سەری کەوتە کڵێشە
بێستوونی ستەم ئەبڕین بە تێشە
بەڵام داخەکەم ئێمە فەرهادین
بە تەفرەی شیرین وا ڕەنج بە بادین