خوا دوازدە کەلووی خستە ئاسمان

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  718 بینین
خوا دوازدە کەلووی خستە ئاسمان
کە ڕۆژ بەوێدا بڕوا بە ئاسان
ئەم دوازدە کەلوە حیسابی ساڵە
بەو حیسابەیە وا ڕۆژ عەوداڵە!
ئەم باوەخولێ و بازبازێنی ئەو
چاوشارکێی ڕۆژ و خۆنوادنی شەو
یاریەکی چەرخە «بابی بابی»یە
«عَدَدَ السِّنِینَ وَالْحِسَاب»ییە
سوورەی یونسە ئایەی پێنجەمین
«لِتَعْلَمُونَ بَلَاغُ الْمُبِینُ»
سەری ساڵ جێگەی ڕۆژ کەلووی بەرخە
ئەگەر ئەتوانی ڕۆژێکی بەر خە
هەروەک دوازدە مانگ ساڵێکی ناوە
بە دوازدە ساڵیش دەورێک تەواوە
بە حیسابی تورکی ساڵ ناو نراوە
بۆ ئەم ساڵ ناوی سەگ دانراوە
گەردشی ئەمساڵ لە خووی سەگایە
بڕوانین کێمان بۆ دێتە کایە
پێڵاو وەرگێڕن نامەرد سەگ لوورە
هەوری سورە و ڕووی لە شارەزورە
ڕاستە، خوا شەڕی بۆ سەگ داناوە
ئەم ناوە گەری دوور بێ لەم ناوە