میوەگەنانە چاویێشە لەناو
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
746 بینین
میوەگەنانە چاویێشە لەناو
خۆت زۆر مەخەرە بەر تیشکی هەتاو
هەتاو کە زستان ناوی خۆشییە
هاوین «سەبوونی» بۆ نەخۆشییە
بۆ کوڕ ئەچووینە سەر بابەگوڕگوڕ
گڕ گڕ وەرگەڕا لێمان بوو بە گڕ
ئەمساڵ لافاوی ئاو شاری ئەبرد
ئاوی زیندەگی ئێمە وشکی کرد
پیشەی گەردشی ئاسمانی شینە
لە لایێ شایی لە شوێنێ شینە
دنیا لە خوڵقی پشیلە دایە
بە مێچکە مێچکە لە باوەشتایە
کە ویستت نەختێ بۆت پێبکەنێ
لە پڕ بە چڕنووک دەستت ئەڕنێ
سەگ لە پشیلە بەوەفاترە
پشیلە دەر کە و گەماڵ ڕاگرە
گەنم گران بوو لەبەر کەم نانی
زۆر کەس دەستی کرد بە ورچەوانی
دونیا وەک ڕێوی بە فڕوفێڵە
هەرکەسێ لە دووی کاری خۆی وێڵە
ئێمەیش وەک کەروێشک ڕۆژ نوستوو و کاسین
تا دیاردی نەکەن لە خەو هەڵناسین