لە پڕێ کە خۆی بە کوڕێ زانی
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
845 بینین
لە پڕێ کە خۆی بە کوڕێ زانی
تێگەیشت هۆشی چۆتە میوانی
خۆ خوا ئەیتوانی بە «کُنْ فَیَکُون»
بیخاتە سەر یەک بارەگای گەردوون
بۆ چاولێکەری هەفتەی پێ خایاند
ئەمە پەندێکە بە ئێمەی نواند
عەقڵی تەجرەبە ڕاستە سەر ناکا
بێ بەراوەردە کە سەر دەرناکا
هەرچی کە هەڵساو کەوتە سیاسەت
تەماشا دەکەی بوو بە سیاسەت
جووجەڵە سەری لە هێلکە جووقا
توێکڵ کون دەکا لە ژێر دەندووکا
خوا ویستی جیهان بڕژێ بەیەکدا
لە پێشدا سەلم و تووری تێک بەردا
غیرەتی میللی ئەمەندە پاکە
پیاو لە کوشتن و بڕین بێباکە
کەسم نەدیوە وەک کورد ئازا بێ
لە ڕێی مەشرووعا هێند بێ پەروا بێ
بەڵام ئەوانەی ئەبنە پێشەوا
قوماشی گیانیان ئەکەن بە کەوا
ئەگەر ڕاست ئەکەن خۆیان تێهەڵچن
نەک ئەوان تووش کەن سووکێ بۆی دەرچن