زستانمان ڕۆیی نۆرەی سێ شەشە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
836 بینین
زستانمان ڕۆیی نۆرەی سێ شەشە
لە بەهاریشدا چەرخ بە گەردشە
شەش ڕۆژ باران و شەشی تر بایە
گوایە شەش ڕۆژی خۆشی تێدایە
نموونەی چەرخی دەوران بەهارە
هەمیشە بەهار زۆرە لەم شارە
ئێمە بەهارمان بۆیە خۆش ئەوێ
ڕەنگی یەکڕەنگیی تیا دەرناکەوێ
ئەگەر بزانین پشتی یەک ئەگرین
بۆچ تێمان ڕۆدێن، ئێمەیش بۆچ ئەگرین
ئەمە نەریتی دەرەبەگییە
ماڵمان لە باخی پورە بەگییە
ئێستاش پەیجۆری شەڕەگەڕەکم
پێم خۆشە خۆشەی دار و کوتەکم
لەشم بە کوتەک وا ڕاهاتووە
دیاری بەهەشتە بۆ من هاتووە
نالی «ولی»یە ڕاست بەم وتنە
کە دەڵێ تووتن خەرجی سووتنە
لە پاش هەشتا ساڵ ئەوا هاتە دی
پار خێل بووین خۆمان بە دوانە ئەدی
لە دوای شیرینی تاڵی زۆر تاڵە
مەترسن ئاخری خێرە ئەم حاڵە