ئەو کەسەی ژینی کوردیم ناناسێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
867 بینین
ئەو کەسەی ژینی کوردیم ناناسێ
قوڕگی ئەگوشم هەتا ئەتاسێ
تەنافی ئەستۆم توندتر ڕاکێشە
هەتا دەپچڕێ بە گێرە و کێشە
گوریسی هێند توند ڕاکێشا پچڕا
کەوت و تەتەڵەی سمتی وەرگەڕا
بەڵام ئەو سمتی بە شەق خاراوە
پێستی ئەستوورە ڕەش هەڵگەڕاوە
نازانم بەختی کورد بۆچ وا ڕەشە
لە مووچەی ڕەش و سپی بێ بەشە
لیسی کوێریمان لێ کەوتۆتە ناو
کەس ناپارێزێ، ئەشکێ سەر و چاو
ناچارین ئێمەیش لە ڕاستی کوێران
بۆ پارێزگاری دەست بەینە گۆچان
چاومان لەوەبوو کە کوێخای خێڵێ
سەگ دەرکا و نووزەی نازی نەیێڵێ
کەچی وا حۆل بوو زەق زەق ئەیڕوانی
لە چەند و چوونی ئێمەی نەزانی
خوا یار بێ ئێمە ئەحمەدی سوارەین
خاوەن «قەدارە» و ساحیب نەقارەین
سا، مێم بۆ بێنن بڕوانن نێرم
ئەو نێرە پیرەم بە مێچکە فێرم