وا دیسان خومی جولەکە شێوا
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
950 بینین
وا دیسان خومی جولەکە شێوا
درۆ باڵ ئەگرێ و ئەفڕێ بە کێوا
ئەڵێن خوا باڵی داوە بە حوشتر
کۆشک و سەرای کەس نامێنێ ئیتر
دڵخۆشییەکە بۆ بێ خانوومان
ئەڵێن ئۆخەی گشت بە بێ خانوو مان
خواستی خواییە ئەوی بەدکارە
زۆریان لە لاوە دێنە ئەم شارە
هەندێ لە پێستی مەڕا وەک گورگە
هەندێکی تریش سپڵی لاورگە
هەندێ وەک مووی لوت لێت نابێتەوە
هەندێ سنگ هەڵکێش نابەسرێتەوە
بۆیە سەرچاوەی «تانجەڕۆ» لێڵە
هەرچی خۆی تیا ششت کوڵک و کەمێڵە
خۆزگە وەک جاران گازرکەر ئەبوو
بە شیاکە و بە لیس پیسی دەرئەچوو
ئێستا «بانقەنۆت» کەوای شیرداخە
بۆ هەموو لەشی «گول» بە پەرداخە
بە کوردی ئەولا «ڕێژو» خەڵووزە
موعەممایەکە ئازای وەیدۆزە
نامەوێ بڵێن کورد بە هیچ نابێ
ڕۆڵەی ئازادە ئەوی ئازا بێ