وڵاخی ڕەسەن ناوقەد باریکە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  663 بینین
وڵاخی ڕەسەن ناوقەد باریکە
تەنگە ئەستوور بوو بیگرە و باری کە
سەر بە وڵاخی ڕەسەن ئەسپێرن
بەڵام بە گوڵەبارگیر ناوێرن
پیاو گیا لە بەهەشت بۆ بارگیر بێنێ
ئەو دەبێ جووتەی خۆی بوەشێنێ
بەدخوو بە چاکەی چاکان چاک نابێ
خوا وای کردووە هەر دەبێ وابێ
لە وڵاخی بەرزە ئەگەر بیشگلێی
چونکە شەریفە ئەستۆت ناشکێ لێی
بەڵام کە لە کەر کەوتیتە خوارێ
جێیەکت دەشکێ بێگومان جارێ
ناکەس تەربیەشی بدرێتەوە
چیتی بەقەمە زوو ئەچێتەوە
چاک هەر ئەوەیە خۆتیان لێ لادەی
نەک ڕەنجی خۆتیان لەگەڵ بە بادەی
لە چاوی پیسیش پەنامان بە خوا
چاوی بە هەرچی هەڵێنا ئەڕوا
هەر پاشای بابان لە حەقیان ئەهات
بەوانەی ئەگوت دەرچن لە وڵات
بهاتنایەوە لە بەر کڵۆڵی
ئەوسایە چاویان زوو هەڵدەکۆڵی