شەیتان لای ڕاست و نەفسیش لە لای چەپ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  791 بینین
شەیتان لای ڕاست و نەفسیش لە لای چەپ
بۆ مەشکەژەنێ بوون بە لۆرەلەپ
بە گوژمەی مەشکە بژەن نەژایە
ها بڕۆ بۆ بابە و ها بڕۆ بۆ دایە
ئەو ڕای دەکێشێ و ئەم ڕای ئەکێشێ
تا دوایی مەشکە هەڵدەتڵیشێ
بە جارێ هەرچی تیایە دەڕژێ
پڕیشکی بە سەر خەڵکا ئەپژێ
بەم ڕەنگە بە دەست نەوس و هەواوە
ئەشەکێینەوە بەم لاو و بەو لاوە
یاخود هەروەک مێش شەیدای هەنگوینە
پێی تێ ئەگیرێ و هەر لای شیرینە
خۆ ئێستا شکور پێی پیاو ناگرێ
«بایع» بە کوردی گوردی لێ ئەگرێ
بایع لە «بیع»ە و «بەیع» وەرگیراوە
پەردە بە دەورەی «عەیب»دا گیراوە
شەوگەردی لە توێی ڕۆژی ڕووناکا
کوردی دۆ نەدیو پف لە دۆ ناکا
ئەیان گوت خەیات پارچەی دزیوە
بووە بە بەیداخ لە خەوی دیوە
خەیات و بایع وا بە یالللی
هەم حاجی بابا هەم ترەللی