چاکە زوو لەبیر خەڵک ئەچێتەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  778 بینین
چاکە زوو لەبیر خەڵک ئەچێتەوە
قینی خراپە، هەر نابڕێتەوە
تۆ قینەبەری خەڵقت گرتە دڵ
ئەو قینە بۆ جەرگ ئەبێ بە چقڵ
هەمیشە دڵت خەفەتبار ئەبێ
خواردنت لەلا ژەهری مار ئەبێ
وا چاکە کە قین لە دڵ دەراوی
ئەوسایە خۆیشت ئەزانی پیاوی
بە دڵێکی خۆش ئەنوویت و ئەخۆی
شەو بە دەردەوە ناناڵێنی بۆی
ئەگەر پادشای جەواهیر پۆش بێ
هەمووی بە فیدای دڵێکی خۆش بێ
دڵخۆشی بە ڕاست هەر بە خودایە
خوا نەیدا، نابێ، ڕەنجی بە بایە
زۆر لە گەڵ حوکمی چارەنووس ناکرێ
بەبێ خواستی خوا، هیچ سەرناگرێ
هەندێکی وا هەن خۆیان ناناسن
سەربەگێچەڵن، کەوتە و کەساسن
چۆلەکە کە نووست لە لانەی شەوا
هەر دوو قاچی خۆی ئەکاتە هەوا
ئاسمان ڕووخا، ئەو ئەیگرێتەوە
کەچی بە بەردێ ئەبوورێتەوە