هەتاوی هاوین پیاو ئەبرژێنێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
834 بینین
هەتاوی هاوین پیاو ئەبرژێنێ
هی وایش هەیە خۆی تێناگەیەنێ
پیاو نەک بە هەتاو بە ئیش ئەبرژێ
داوی خاو نابێ بە هەودای کرژێ
ڕیس کە دووباد بوو بەرگە ئەگرێ
ڕایکێشی دەزووی بەغدا ئەپچڕێ
لە هەموو شوێنێ ماکینە باوە
«گوریس کێشەکێ» هەر لێرە ماوە
خەڵک گەردوخولیە لە ڕووی ئەفلاکا
ئێرە خەریکە بە جەواڵ ڕاکا
بۆیە لە هاوڕێ ئەکەوینە پاش
وا خەنجەر ئەسوین بۆ «دەوەن بە ئاش»
بامان دایەوە سەر «شەڕە گەڕەک"
ئینجا ئەبێ پیاو بچنە بەر «خەڕەک»
بەم دووخە خوارە و قینەبەرییە
کاتێکت زانی «ڕیسمان خورییە»
ئەمانە هەمووی لە بێکارییە
ئەڵێن برسێتی ڕەگی هارییە
دەوڵەمەند نۆرە بە هەژار نادا
نانێکیش نادا لە ڕێی خودادا
ئەوەی کە قەدری نامووس ئەزانێ
خۆی «قەمتەر ئەکا» بە تیکە نانێ