ئەوی ڕادەکا زوو هەڵئەنگوێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
937 بینین
ئەوی ڕادەکا زوو هەڵئەنگوێ
ئەوی لەسەرخۆ بڕوا ناکەوێ
یەکێ تا درەنگ نەئەکەوتە ڕێ
بە گورگەلۆقە ئەیویست پێشکەوێ
کە تۆ نەتوانی لە بان بازبەری
خانەوخان چییە کەوتوویتە سەری؟
لەزەتی نیعمەت کەسێ ئەیزانێ
کە داماو بووبێ بۆ پارووە نانێ
ئەگینە کە هات لە بادی هەوا
بە قێزوبێزێ دەستی بۆ ئەبا
زۆری پێ ئەوێ ماکینەی دەوران
کە یەکێکی «قاڵ» بێنێتە مەیدان
بە داری بەرزا هاتی سەرکەوی
دەستت توند بگرە، نەوەک بکەوی
چێشتت گەرم بێ، ڕاوەستە مەیخۆ
با نەڵێی دەمم سووتا باوکەڕۆ!
پارووی پەلەپەل بۆت قووت نادرێ
کە لە بین گیرا چاری ناکرێ
نان لە بین گیرا چاری بە ئاوە
ئاو لە بین گیرا دەرمانی جاوە
هەندێ خواردنیش چاوی لەدوایە
لە قورگ ئەگیرێ ئەوەی لە خوایە