پیاوی ناوەجاخ مەخەنە سەرکار

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1174 بینین
پیاوی ناوەجاخ مەخەنە سەرکار
قۆچ ئەوەشێنێ دوایی وەک گای هار
لە پێشدا بە تاو تیژپەڕە وەک تیر
زوو دادەماڵێ وەک گۆڵە بارگیر
خوا چزوو نەدا بە «زەردەزیڕە»
هەتاو نەبینێ ماری کەسیرە
بە دەنکە جۆیێ، گوێدرێژ ئەزەڕێ
لە خوشکی خۆیشی و خوێشی ئەپەڕێ
کەری دێز مەنێ جۆی بۆ بپێوی
تۆپینی ئەوێ و زیانی خێوی
ئەبینم کە خوایش ڕووی لە مانەیە
وابزانم مشتەی ناو هەمانەیە
من ئەڵێم بۆیە خوا ئەمە ئەکا
عاقڵ لە حیزبی زەمانە بگا
دیارە کە دەوران «ئەبلەهـ» پەرەستە
وشیار و دانا ڕووی لە نوشوستە
کەواتە لە شوێن سەربەرزی مەمرە
دەست بە کڵاوی خۆتەوە بگرە
پادشا و گەدا وەک یەک ئەچنە گۆڕ
گەدا بارسووکە و شا کەڵەکی زۆر
ئەوی نانەوێ بۆ تیکە نانێ
سەروژێری خاک بە یەک ئەزانێ