ئەوەی کە ئیشی نابەجێ ئەکا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  782 بینین
ئەوەی کە ئیشی نابەجێ ئەکا
ڕەنگە خۆی ئەوە بە باش تێبگا
ئەگەر تێتگەیاند کە ناپەسەندە
ئەشێ لەسەری نەڕوا ئەوەندە
خۆ ئەگەر هاتوو گوێی لێ نەگرتی
تۆ بیبڕەوە ئیتر بە کورتی
کەسێ گلەیی دۆستی لای تۆ کرد
تۆ باوەڕ مەکە هەروا دەستوبرد
تاکوو لە جوابی ئەوی تر ئەگەی
ئینجا ئەتوانی حوکمی خۆت بدەی
«سەلەم» فێڵێکە ماڵ بە دەغڵ ئەبڕن
ئەڵێن شەرعییە، دەستی پێ ئەبڕن
جەردەیی کەوا بە ئاشکرایە
هیچ نەبێ غەزوەی مەردی تێدایە
بەڵام بە ناوی شەرعەوە «ربا»
ئابڕووی شێوەی دیانەت ئەبا
ئەبێ ڕۆژێکی وامان لە بیر بێ
دەستمان لە چاکی پێغەمبەر گیر بێ
ئەو «چاکە» چاکە بۆت دێنێتە گیر
پەندی پیاوی پیر پەسەندە لای ژیر
جاران ئەگەڕان بۆ پیاوی ڕیشدار
ئێستا وا پرچ و ڕیش بووە بە عار