ئەگەر هاتی خۆڵ بکەی بە سەردا
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
950 بینین
ئەگەر هاتی خۆڵ بکەی بە سەردا
لە ماڵەگەورە و خۆڵی بەردەرگا
ئەمە بۆ گەورەی سەخی بێژراوە
بەسەر چرووکدا هەر خاک بێژراوە
خزمەت بۆ مەرد و شەفقەت بۆ وردان
هامڕازیی دەروێش، بێدەنگ بۆ نادان
تەنیا بە عیلم و ئەخلاق بنازە
دەوڵەت نەگبەتە لە خوای مەخوازە
کە زانیت دۆست و خوێشانت ئەهلە
هەموو کارێکت ئەوسا بۆ سەهلە
هەرچی دڵ خۆش کا ئەیخەنە مەیدان
خاک بەسەر پارە، کە ئەیکەن پەنهان
نەفس و ژن بە جووت بەسەرتا زاڵە
ئەویان دووپشکە و ئەو زەردەواڵە
«تیغ» ڕاستگۆییە و «زرێ» قەناعەت
بەخشین «کەمەند»ە و «سکووت» سەلامەت
کە بە ڕەنجی شان دەستت نەکەوێ
ڕۆژ خەرجی ئەکەی، نایخەیتە شەوێ
بەڵام کە ڕەنجت لەگەڵ کێشا بێ
نایبەخشی مەگەر سەرت ئێشا بێ
ئیستیغنا و توغیان کە دوا بە دوایە
باوەڕت ببێ فەرموودەی خوایە