دۆستت بە جەفا ئەبێ بە دوژمن

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  672 بینین
دۆستت بە جەفا ئەبێ بە دوژمن
چاکە، خراپە دەردێنێ لە بن
ئێمە لە چوار شت دروست کراوین
لە خاک و باد و ئاگر و ئاوین
ئەو چوارە لەگەڵ یەکدا هەڵناکەن
کێ دەڵێ ئینسان پەیجۆری چاکەن
شوکری خوا بکە ڕۆژیت زیاد ئەبێ
سپڵە هەمیشە ڕەنج بە باد ئەبێ
چوار شت بۆ چوار کەس ئەبتە نامەردی
بۆ عالم «کیبر» و بۆ ماڵدار «ڕژدی»
«ڕووهەڵماڵراوی» ژنی بێئابڕوو
نادان کە «درۆی» لا بووە بە خوو
چوار ناویان بۆیە لە چوار کەس ناوە
لەبەر کردەوەی لێیان ڕووی داوە
«چرووک» کە خۆیشی لە ماڵی ناخوا
«بەخیل» کە هیچی لێ نادا بە خوا
«سەخی» کە ئەیخوا و ئەیشیداتە خەڵک
بۆخۆی و ناسیاو، بۆی ئەبێ بە کەڵک
«بەخشندە» هەمووی ئەبەشێتەوە
ئەوەی پێ ئەبڕێ ئەمێنێتەوە
بەخشین ئیسرافی هەرگیز تیا نییە
بۆ دوژمنیشی هەر سەخیەتییە