دوو کەس کە دڵیان لە یەک زویر بێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
893 بینین
دوو کەس کە دڵیان لە یەک زویر بێ
وایان لێ مەکە، کەسیان شێتگیر بێ
چونکو ئەوانە کە ئاشت بوونەوە
وا لە تۆ دەکەن بچیە کونەوە
چوار کەس بە چوار خوو پەستن و بێ دەس
تەمەڵ و نەزان، ناکەس و بێکەس
چوار خوویش هەیە پیاو پێی دەبێ بێباک
دڵ و دەستی پاک، کردە و بردەی چاک
ئەوی بۆ دۆستی بێ عەیب ئەگەڕێ
تا دەمرێ دۆستی وای نایەتە ڕێ
ئەوی لە دۆستی بە بیانوو و تۆر بوو
کاتێکی زانی دوژمنی زۆر بوو
کە دۆستت لەگەڵ دوژمنت هەڵسێ
بە دوو ڕێ نابێ تۆ قینت هەڵسێ
ئەگەر دۆست دۆست بێ بۆ ئاشتیانە
لێی گەڕێ و مەڵێ لە لام گرانە
خۆ ئەگەر زانیت دۆستی ناپاکە
با بۆ دوژمن بێ، هەر بۆ ئەو چاکە
ئاوەڵ پیاڵە، نەواڵە خۆرە
بۆ کاسە و کیسەیش مەندەبوور زۆرە
کە سفرە و خوانت هاتە سەر «دۆکڵیو»
کەس لە دەرگاکەت نایێتە ئەمدیو
بەڵام کە کەباب بوو بە بابۆڵە
تێی ئەوورووژێن، ڕۆڵە و بابۆڵە