هەندێ کە ئیشی نابەجا ئەکەن

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  616 بینین
هەندێ کە ئیشی نابەجا ئەکەن
بەوە ئەخوڕن کە حاشا ئەکەن
وا تێگەیشتوون کە کەس ناوێرێ
کردەوەکەیان لەسەر بژمێرێ
نازانن لەگەڵ پێیان ترازا
دۆستی سەر سفرە ئەیدا بە ئەرزا
ئەڵێن: ماست نییە بە لێودا دیار بێ
یا دار نابڕن دەنگی مشار بێ
بەم ڕەنگە خۆیان تەفرەی پێ ئەخۆن
توور و سیر دیارن بە قڕقێنە و بۆن
کەروێشک کە ئەنوێ چاوی ئەبینێ
کە «دیاردی»ت لێکرد، چاو ئەقووچێنێ
لای وایە کە ئەو چاوی خۆی لێک نا
چاوقووچاندنەکەی ئەبێ بە پەنا
خەڵک ئیشی پەنهان ئەدۆزنەوە
کاغەزی سپی ئەخوێننەوە
«جام» ئەڵێ: بشکێم، بەڵام نەزڕێم
چاکە و خراپە دێنەوە سەر ڕێم
خوا ڕێی ڕاستان لە کەس نەگۆڕێ
بارام بۆ گوورێ خۆی خستە گۆڕێ
میوەی کاڵ ژانی زگی لە دوایە
وەک دووگی چەوری سەر تەڵە وایە