کیسەی تەماع و مەعیدە هەردوو
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1056 بینین
کیسەی تەماع و مەعیدە هەردوو
کە هەرچیت دەسکەوت، تێت ئاخنی زوو
ئەویان ئەدڕی و ئەمیان ئەشێوێ
جێگا نامێنێ شەوێ بۆ شێوێ
چارە ئەوەتە کە بەرە بەرە
تەماع لابەرە و خواردن دەربەرە
ئەوسا دڵ و لەش بە پاکی و چاکی
ئەمێنێتەوە و لە خەم بێباکی
هەرچیت لە خەڵک سەند بە ناڕەزایی
ترس و لەرزێکە بۆ ڕۆژی دوایی
زوڵم و زۆر لە بیر کەس ناچێتەوە
ئەبێ بە دووپشک ئەدا پێتەوە
تەماشای حاڵی خۆت کە و بڕوانە
چشتێکیان بردی چەند لات گرانە
تۆیش بە نابەدڵ چشتێ بستێنی
دڵ ئەمین مەبە کە دڵ ئەشکێنی
گوناهـ بە ئاوی تۆبە دەشۆرێ
بەڵام «حق الناس» خوایش لێی نابوورێ
هەی هاوار! لە پێش چاومانە ئەمرین
هێندە سەهەندەین گوێی لێ ناگرین
کاتێک ئەزانین کە عزرائیل هات
بە پەشیمانی نامێنێ نەجات